جگە لە شاری سلێمانی خەریكە نوری مالیكی لە هەموو عێراق دەربكرێتە دەرەوە.. بە مەلعون و فاسد وەصفی دەكەن
شەوی شەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2016، سەدان هاووڵاتیی شاری بەسرە لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای بەسرە گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و دژایەتیی خۆیان بۆ سەردانی نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی پیشووی عێراق نیشان دا.
هاووڵاتییانی بەسرە هوتافی دژی نوری مالیکییان کێشاوە و گوتوویانە، ”مەلعون.. مەلعون نوری مالیکی“، هاوکات باسیان لەوە کردووە، مالیکی بە خراپترین شێوە حوکمڕانیی عێراقی کرد و بووە هۆی داگیرکرانی بەشێکی زۆری خاکی عێراق لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعش.
لە گردبوونەوەکەدا، هاووڵاتییانی بەسرە بەرپرسیارێتیی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی عێراقیان خستە ئەستۆی مالیکی، جگە لە تاوانبارکردنی بە هۆکاری کوشتارگەی سپایکەر، کە نزیکەی 1700 سەربازی عێراقی تێیدا بە دەستی چەکدارانی داعش کوژران.
پێشتر هاووڵاتییانی شارەکانی ناسرییە و میسان نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و حزبی دەعوەی ئیسلامییان ناچار کرد شارەکەیان بەجێ بهێڵێت و بە بەرد و پێڵاو هێرشیان کردە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی.
زۆرینەی سەرکردە و هاووڵاتییانی عێراق پێیانوایە نوری مالیکی بەشێوەیەکی ”دیکتاتۆریانە“ بۆ ماوەی هەشت ساڵ حوکمی عێراقی کرد و سەرچاوە و هۆکاری هەموو کێشە تائیفی و شەڕە مەزهەییەکانی نێوان سوننە و شیعەیە.
پێشتر لە ساڵی 2013 و بە بریاری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و هێزەکانی پێشمەرگە بڕاوە، هەروەها زۆرینەی سەرکردە عێراقییەکان پێیانوایە مالیکی هۆکاری داگیرکرانی بەشێکی خاکی ععێراق بوو لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
