عەبادی بۆ بینالی یڵدرم: هێزەكانتان لە باشك بكشێننەوە

عەبادی بۆ بینالی یڵدرم: هێزەكانتان لە باشك بكشێننەوە

حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و بینالی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا، رۆژی شەممە 10-12-2016 پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. عەبادی داوای لە بینالی یڵدرم كردووە هێزەكانیان لە سەربازگەی باشیك بكشێننەوە.

بەپێی راگەیێندراوێكی نووسیگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا عەبادی جەختی كردووەتەوە لەسەر هەموو وڵاتان پێویستە رێز لە سەروەری و یەكێتی خاكی عێراق بگرن، بەپێویستیشی زانیوە هێزەكانی توركیا لە سەربازگەی باشیك بكشێنەوە و ئەو بڕیارە رابگەیێندرێت.

لەبەرامبەردا بینالی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژەی بە سەركەوتنە گەورەكانی هێزە عێراقییەكان "لەژێر سەركردایەتی دانای وەكو عەبادی" كردووە بەسەر داعشدا. باسی خۆشحاڵی خەڵكی موسڵیشی كردووە بە چوونەژوورەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ نێو ئەو شارە.

بەهۆی جێگیركردنی هێزەكانی توركیا لە باشیك و بەشداریكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، گرژی و ئاڵۆزییەكی زۆر لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە دروست بووە، بەتایبەتی توركیا چەندینجار رەتیكردووەتەوە هێزەكانی لە باشك بكشێنێتەوە، بەهۆی بەشداریكردنی حەشدی شەعبیش لە شەڕەكاندا، هۆشداری لە دروستبوونی شەڕی تائیفی لە موسڵ و تەلەعفەر داوە.
rudaw-
Top