سەرچاوەیەکی سەربازی شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی ئاشکرا دەکات
رۆژی پێنجشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2016، میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوە سەربازییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش لە رێگای تونێلەکانی رێکخراوەکەیەوە لە مووسڵ، هاتوچۆ دەکات.
هەروەک ئەو سەرچاوە سەربازییانە رایانگەیاندووە، ئەبوبەکر بەغدادی ئیستا لە شارەدێی تەل عەبتە سەر بە شارۆچکەی حەزەر لە رۆژئاوای مووسڵ خۆی حەشارداوە.
بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ، دەیان سەرکردەی داعش کوژراون یاخود هەڵاتوون.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
