ئاشتۆن کارتەر: دوور نیە پێش ئیدارەى تازەى ئەمەریکا موسڵ کۆنترۆڵبکرێتەوە
ئاشتن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز جارێکی دیکە جەختیکردەوە شەڕی داعش لە موسڵ " شەڕێکی قورس دەبێت".
سەبارەت بە کاریگەری وەرزی زستانیش لەسەر شەڕەکە، کارتەر ڕایگەیاند"هەمیشە کێشەی کەشوهەوادەبێت بەڵام هێزە ئەمنیەکانی عێراق لە موسڵ لە ئامادەباشیدان بۆ هەموو ئەگەرێک ".
بڕیارە ٢٠ ی مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بەفەرمی پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا وەربگرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی عێراقی و ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەشێوەی جیاواز پێشبینی کاتی کۆتاییھاتنی شەڕی داعش لە موسڵ دەکەن.
پێشتریش جۆن دۆریان وتەبێژی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاندبوو، کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش چەند مانگێکی دیکەی پێویستە ، ھاوکات حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق دوپاتیکردەوە تا کۆتایی ئەمساڵ موسڵ بەتەواوی کۆنتڕۆڵدەکرێتەوە.
باسنیوز
