نوجەیفی: دەزگا عێراقییەکان لە بەهاناوەچوونی ئاوارەکان درۆ دەکەن

 نوجەیفی: دەزگا عێراقییەکان لە بەهاناوەچوونی ئاوارەکان درۆ دەکەن
پارێزگاری پێشووی نەینەوا و فەرماندەی هێزی پاسەوانی نەینەوا رایدەگەیەنێت، کە دەزگا خزمەتگوزارییەکانی عێراق لەباهاناوەچوونی ئاوارەکانی پارێزگاکە، درۆ دەکەن.



ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی هێزی پاراستنی نەینەوا، کە هێزەکەی لە سێ هەزار گەنجی سوننەمەزهەبی پارێزگای نەینەوا پێکهاتووە، داوای هاوکاریی سەربازیی و مرۆیی نێودەوڵەتی دەکات بۆ خێراترکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ.



ئەسیل نوجەیفی لە پۆستێکدا لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی بەوەش کردووە، کە نابێ حکوومەتی عێراق گوێ لە ”درۆکانی“ دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی خۆی بگرێت، کە بانگەشەی بە هاناوەچوونی ئاوارەکانی مووسڵ دەکەن.



بە گوتەی فەرماندەی هێزی پاسەوانی نەینەوا، دەزگا خزمەتگوزارییەکانی عێراق هیچ هاوکارییەکیان پێشکەشی ئاوارەکانی شاری مووسڵ نەکردووە، کە ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی 90 هەزار هاووڵاتی و بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵەوە ئاوارەبوون.



پێشتر چەند کەمپێک بۆ ئەو ئاوارانە لە سنوورەکانی کوردستانی باشوور ئامادە کرابوون، کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرپەرشتییان دەکات و بەردەوام هاوکاریی سەرەتایی و خۆراک بەو هاووڵاتییانە دەدات و نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندبوو، کە حکوومەتی عێراق هاوکاریی ئاوارەکان ناکات.



چەندین جار هاوولاتیی ئاوارەکانی مووسڵ باسیان لەوە کردووە، کە جگە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ لایەنێکی دیکە هاوکاریی نەکردوون.



لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.







باسنيوز
Top