وەزیری بەرگریی ئەمریکا: دوای کۆتایی داعش‌یش لە عێراق دەمێنینەوە

 وەزیری بەرگریی ئەمریکا: دوای کۆتایی داعش‌یش لە عێراق دەمێنینەوە
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە دوای کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی رێکخراوی توندەوی داعش‌یش لە عێراق، هیزەکانی وڵاتەکەی و هاوپەیمانان لەو وڵاتە دەمێننەوە.



ئێوارەی رۆژی شەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2016، ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە میانی وتارێکدا لە مۆزەخانەی رۆناڵد رێگان لە کالیفۆڕنیا، رایگەیاند، ”زۆر کار“ ماوە لە دوای داعش لە عێراق ئەنجامی بدەن، بە تایبەت لە دژی ”خۆڕێکخستنەوەی چەکدارە توندڕەوەکان لە ناوچە جیاوازەکان“.



ئاشتۆن کارتەر هیچ ئاماژەیەکی بە چۆنێتیی و چەندایەتیی هێزەکانیان لە عێراق نەداوە، کە بڕیارە لە دوای ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ‌یش هەر لە عێراق بمێننەوە.



لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.



باسنيوز
Top