فڕۆکە F16ـەکانی عێراق سێ بارەگای هەستیاری داعش بۆردومان دەکەن

 فڕۆکە F16ـەکانی عێراق سێ بارەگای هەستیاری داعش بۆردومان دەکەن
فڕۆکە جەنگییە F16ـەکانی عێراق سێ بارەگای هەستیاری رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆردومان دەکەن.

رۆژی چوارشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2016، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە پەیجی تایبەتیی وەزارەتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە بۆردومانە ئاسمانییەکان دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری ئەنجام دراون و زیانێکی زۆریان بە چەکدارانی داعش گەیاندووە.

هەروەک وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە 30ـی تشریی دووەم فڕۆکە جەنگییە F16ـەکان هەرسێ شوێنی کۆگایەکی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل لە مووسڵ جەدیدە، سەنتەرێکی مەشقی چەکداریی لە دەواسە، کۆگایەکی تەقەمەنی و کارگەیەکی بۆمب دروستکردن لە بەرەی رۆژئاوای مووسڵیان بۆردومان کردووە.

بۆردومانکردنی ئەو بارەگایانەی داعش، کە زیانێکی زۆری بە چەکدارانی داعش لە شاری مووسڵ گەیاندووە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵە.

لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.

















باسنيوز
Top