تا ئێستا 23 گەڕەکی شاری مووسڵ لە دەستی داعش ڕزگار کراون
ڕاگەیەندراوەکەی شانەی میدیای جەنگیی عێراقدا کە لە میدیا عێراقییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بە دوایین پێشکەوتنی ھێزە عێراقییەکان لە مووسڵ و دەوروبەری کرد و رایگەیاند، تاکوو ئێستا ژمارەی ئەو گەڕەکانەی کۆنتڕۆڵ کراونەتەوە گەیشتوەتە 23 گەڕەک و ئێستا پڕۆسەی پاککردنەوە لە مین و بۆمبە چێندراوەکان و پاشماوەی تەقەمەنییەکان جێبەجێ دەکرێن.
شانەی میدیای جەنگی راشیگەیاندووە، ئێستا گەڕەکەکانی (زھور و بەکر)یش بەتەوای کۆنتڕۆڵ کراونەتەوە، لە بەرەی رۆژئاواشەوە گوندەکانی (بۆتە و ساڵحیە) لەلایەن حەشدی شەعبییەوە کۆنتڕۆڵ کرانەتەوە.
ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ لە 17/10/2016 دەستی پێ كردووە و ھێزەكانی پێشمەرگە زۆبەی قەزا، ناحیە و گوندەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەشتی مووسڵیان کۆنترۆڵ کردووە و سوپای عێراقیش بەشێک لە گەڕەك و ناوچە ستراتیجییەكانیان لە دەستی داعش رزگار كردووە.
باسنيوز
