سیاسەتمەدارێکی عەرەب: باشترین رێگا جیابوونەوەی کورد، سوننە و شیعەیە
خەمیس خەنجەر، سیاسەتمەدار و بازرگانی سوننەمەزهەبی عێراق رایگەیاندووە، حەشدی شەعبی لەلایەن ئێران و حکوومەت عێراق، کە شیعە دەستی بەسەردا گرتووە، پشتگیری دەکرێن.
ئاژانسی (رۆیتەرز) ناوەڕۆکی قسەکانی خەمیس خەنجەری بڵاو کردووەتەوە، کە ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێویستە پاراستنی مووسڵ بە هێزی پاسەوانی نەینەوا و سوپای عێراقی بسپێردرێت.
پاسەوانی نەینەوا، لە سێ هەزار چەکداری سوننەمەزهەبی خەڵکی پارێزگای نەینەوا پێکهاتووە و ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا فەرماندەیی دەکات و خەمیس خەنجەر پاڵپشتیی دارایی دەکات.
ئەو سەیاسەتمەدارە پێیوایە قۆناغێکی مەترسیدار لە دوای کۆتایی هێنان بە داعش دەست پێ دەکات، ئەگەر ئەمریکا و حکوومەتی عێراق رێگریی لەو ستەمانە نەکەن، کە لە سوننەمەزهەبەکانی مووسڵ دەکرێت.
بە گوتەی خەمیس خەنجەر، چوونە ناوەوەی حەشدی شەعبی بۆ ناو مووسڵ ئەنجامێکی ”کارەساتبار“ی دەبێت و داهاتووی یەکپارچەیی عێراق دەخاتە مەترسییەوە و وڵات دابەش دەکات.
ئەو سیاسەتمەدارە سوننەمەزهەبە هەروەها رایگەیاندووە، کە هیچ رێگایەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە دابەشکردنی عێراق بەسەر سێ هەرێمی کورد، سوننە و شیعە ”ئەگەر نا عێراق دابەش دەبێت“.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
چەکدارانی حەشدی شەعبی شان بە شانی هێزە عێراقییەکان لە میحوەرەکانی باشوور و رۆژئاوای مووسڵەوە، بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
باسنيوز
