سێ میلیشیا و هێزێک هیرش دەکەنە سەر گوندێکی پارێزگای سەڵاحەدین
شانەی راگەیاندنی جەنگیی عێراقی رایگەیاندووە، حەشدی شێرەکانی دیجلە و لیوای 60ـی سوپای عێراقی لە قۆڵێکەوە و هەردوو حەشدی باشووری مووسڵ و بەیارق لە قۆڵێکەوە هێرشیان کردووەتە سەر گوندی کەنعوس لە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین.
هێرشەکە بە مەبەستی رزگارکردنەوەی گوندی کەنعوسە، کە زیاتر لە دوو ساڵە لەلایەن رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە داگیر کراوە.
هەرسێ میلیشیای حەشدی شێرەکانی دیجلە، حەشدی باشووری مووسڵ و بەیارق بەشێکن لە میلیشیاکانی حەشی شەعبی، کە رۆژی 26ـی تشرینی دووەمی 2016، پەرلەمانی عێراق یاسایەکی تایبەتی بەو میلیشیایانە پەسەند کرد و وەک هێزێکی فەرمیی عێراقی ناساندن.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
باسنيوز
