یوئێن: ئاوارەکانی موسڵ ٦٨ هەزار کەسی تێپەڕاند

یوئێن: ئاوارەکانی موسڵ ٦٨ هەزار کەسی تێپەڕاند
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند ئاماری ئاوارەبووانی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا گەیشتە زیاتر لە ٦٨ هەزار کەس.

بە پێی هەواڵێکی (وۆڵد بوڵێتین)، یوئێن ئاماژەی بە ئاوارەکانی موسڵ کردووە کە لە مانگی ڕابردووەوە زیاتر لە ٦٨ هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان لە موسڵ و ناوچەکانی دیکە جێهێشتووە و خۆیان گەیاندووەتە کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.

سەرچاوەکە بەیاننامەیەکی نووسینگەی کاروباری مرۆیی و هەماهەنگیی نەتەوەیەکگرتووەکانی بڵاو کردوەتەوە کە بە پێی ئەو بەیاننامەیە، ٦٨ هەزار و ٥٥٠ کەس تائێستا ئاوارە بوون و پێویستیان بە هاوکاری و یارمەتیی مرۆیی هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشبینی کردبوو لە چەند هەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوادا، ٢٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە ئاوارە ببن.
PAYAMNER -
Top