سوپای عێراق دوو گوندی دیكەی لە موسڵ كۆنتڕۆڵ كردەوە
فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ رایگەیاند هێزەكانی عێراق لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری موسڵ لە پێشڕەوییدان و توانیویانە دوو گوندی دیكە لەژێر دەسەڵاتی داعش دەربهێنن و كۆنتڕۆڵیان بكەنەوە.
كەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە بڵاوی كردەوە، فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا ئاماژەی بەوە كردووە كە هێزەكانی سوپا هەردوو گوندی قەرەتەپە و حاوسەڵات-یان لە باشووری رۆژهەڵاتی موسڵ كۆنترۆڵ كردووەتەوە.
لە بەیاننامەكەدا فەرماندە سەربازییەكە ئەوەشی راگەیاندووە کە هێزەكانی سوپا ئاڵای عێراقیان لەسەر ئەو دوو گوندە بەرز كردووەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە لە ئاكامی ئاراستەكردنی ژمارەیەک گولـلـە هاوەن بۆ سەر گەڕەكەكانی زەهرا و قادسیەی دوو باكووری رۆژهەڵاتی موسڵ و سەماحی یەك رۆژهەڵاتی شارەكە، لەلایەن داعشەوە، 25 كەس كوژران و بریندار بوون.
لەمبارەیەوە ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی نەینەوا، عەقید ئەحمەد جبووری رایگەیاند كە داعش ژمارەیەك گولـلە هاوەنی ئاراستەی گەڕەكانی زەهرا و قادسیەی دوو باكووری رۆژهەڵات و سەماحی یەك رۆژهەڵاتی موسڵ كردووە و بەهۆیەوە پێنج كەس كوژران كە لەنێویاندا دوو ئافرەت هەن و 21ی دیكەش بریندار بوون كە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن.
باسنيوز
