عەبادی لێدوانێکی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی رەت دەکاتەوە
پێشتر لە رۆژی 16ـی تشرینی دووەمی 2016، هادی عامری، فەرماندەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە چەکدارانی میلیشیاکەی دوای رزگارکردنەوەی مووسڵ، بۆ راوەدونانی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەچنە نێو خاکی سووریا.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22ـی تسرینی دووەمی 2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە شاری کەربەلا رایگەیاند، کە گرنگترین کار لای هێزە عێراقییەکان، رزگارکردنەوەی تەواوەتیی خاکی عێراقە.
حەیدەر عەبادی هەروەها رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی ”ناخوازێت“ لە دەرەوەی خاکی عێراق ببێتە بەشێک لە هێزە شەڕکەرەکان.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
