عەبادی: رێگا بە دروستبوونەوەی شەڕی تائیفی نادەین
رۆژی دووشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، کە ”ئەو کەسەی هۆکاری داگیرکرانی مووسڵ بوو“، هەوڵ دەدات برەو بە ناکۆکییە تائیفییەکان و ئاژاوەی مەزهەبیی بدات.
حەیدەر عەبادی هەروەها رایگەیاندووە، کە سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، بووەتە هۆی دروستکردنی دڵەڕاوکێ و ترس لای ئەوانەی، کە دووبارە عێراق رووبەڕووی کێشەی مەزهەبی و تائیفی بکەنەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانەکەیدا، کە بەبۆنەی چلەی شەهیدبوونی حوسێنی کوڕی عەلی، کچەزای پێغەمبەری ئیسلام و ئیمامێکی گەورەی شیعەکان پێشکەشی کرد، هەڕەشەی کرد و رایگەیاند، ”بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین“ جارێکی دیکە ناکۆکییە تائیفییەکان سەر هەڵبدەنەوە یاخود دروست بکرێتەوە.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەدارانی عێراق پێیانوایە نوری مالیکی، کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو، هۆکاری داگیرکرانی مووسڵ بوو لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.
باسنيوز
