ژنانی موسڵ چیرۆكی ژیان لەژێر دەستی داعش دەگێڕنەوە
بۆ بەدەستهێنانی داهاتێكی زیاتر بۆ خێزانەكەی، ئیمان عێراقی لەماڵەوە كارێكی بۆ خۆی دۆزییەوە ئەویش میكیاژكردنی بوك بوو لەشاری موسڵی ژێر دەستی داعش، بەڵام كاتێك پۆلیسە ئاینییەكانی ئەو گروپە توندڕەوە بەوەیان زانی، دایان بەسەر ماڵەكەیداو دەستیانگرت بەسەر كەلوپەلەكانیداو خۆی و براكەشیان دەستگیركرد.
ئەوان پەیمانێكیان بەئیمان واژۆكرد كە نابێت چی تر ساڵۆنەكەی بكاتەوە، ئەگەر نا، جەڵد لەبراكەی دەدرێت.
"دوای ئەوە هەرگیز نەمویست ماڵەوە بەجێبهێڵم" ئیمانی تەمەن 21 ساڵ وای وت كاتێك هەفتەی رابردوو توانی لەشاری موسڵ هەڵبێتو ئێستا لەكەمپێكی ئاوارەكاندایە لە رۆژهەڵاتی ئەو شارە.
لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵەوە زیاتر لە 50 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لەو شارە هەڵهاتوون كە خۆی زیاتر لە ملیۆنێك دانیشتوانی هەیەو لەكەمپە كاتییەكانی ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ جێگیركراون.
ئیمان و زیاتر لە 20 ژنی دیكە باسلەوەدەكەن كە دوو ساڵ لەژێر دەستی داعشدا لەماڵەكانی خۆیاندا وەك زیندان مابوونەوە، بەشێوەیەك رێگایان پێ نەدراوە خۆیان بچنە دەرەوە. ئەوانەی پێشتر كاریان هەبووە دەستبەرداری كارەكانیان بوون و زۆرینەی خوێندكارەكانیش وازیان لە خوێندن هێناوە.
هەموو كەسێك لەژێر دەستی داعشدا وەك یەك مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت و "حەرامەكان" هەموو كەس ناگرێتەوە. ئیمان عێراقی باسلەوەدەكات دوومانگ دوای ئەوەی ساڵۆنەكەی ماڵەوەی بەزۆر داخرا، چەند چەكدارێكی داعش هاتوونەتە ماڵەكەی و بەزۆر بردوویانەتە ماڵێكەوە بۆ ڕازاندنەوەی بوكێكی داعش.
كچان لەتەمەنی نۆ ساڵییەوە لەژێر دەستی داعشدا ناچار بەپۆشینی نیقاب دەكرێن، ئەوانەشی سەرپێچی ئەوە بكەن بە نزیكەی 40 دۆلار سزا دەدرێن، یاخود یەكێك لەپیاوە نزیكەكانی 40 جەڵد یان زیاتری لێ دەدرێت.
XANDAN-
