هێزە عێراقییەکان دانیشتووانی گەڕەکێکی سوننەنشینی شەرگات رادەگوێزن
عەلی دودەح، قایمقامی شارۆچکەی شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکە بەهۆی کوژرانی پێنج چەکداری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب، بڕیارەکەی داوە.
بە گوتەی عەلی دودەح، ژمارەیەک چەکداری خەڵکی گەڕەکی عەسکەری لە شەرگات بازگەیەکیان داناوە و پێنج چەکداری حەشدی شەعبییان کوشتووە و رایان کردووە، دواتر ئەو چەکدارانە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کوژراون و ”خەڵکی ئەو گەڕەکە تەرمەکانیان شاردووەتەوە“.
قایمقامی شەرگات ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو چەکدارانە سەر بە رێکخراوی توندڕەوی داعش بوون و ”خەڵکی ئەو گەڕەکەش هاوکاریی داعش دەکەن“، بۆیە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین بڕیاری داوە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە بە زۆرەملێ رابگوێزێ و لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە گوندی ربێزە لە ناحیەی عەلەم و لە رەوشێکی ئەمنیی توند، جێگیریان بکات.
باسنيوز
