داعش بارەگاکانی لە تەلەعفەر دادەخات

 داعش بارەگاکانی لە تەلەعفەر دادەخات
رێکخراوی توندڕەوی داعش بارەگاکانی لە شارۆچکەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای شاری مووسڵ دادەخات و فەرمانێک بە چەکدارەکانی دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، هێزە عێراقییەکان لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، لە شارۆچکەی تەلەعفەر نزیک بوونەتەوە و فڕۆکەخانەی ناوچەکەیان رزگار کردووەتەوە.
سەرچاوەیەک لە پارێزگای نەینەوا بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، رۆژی شەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2016 داعش هەموو بارەگاکانی لە شارۆچکەی تەلەعفەر دادەخات.
داعش فەرمانی بە هەموو لایەنگر و چەکدارانی کردووە، لە شەقام و گەڕەکەکانی شارۆچکەکە بڵاو ببنەوە و ئامادەکاریی بۆ راگرتنی پێشڕەویی هێزە عێراقییەکان بکەن.

لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.












باسنيوز
Top