شەپۆڵی ئاوارەبوونی خەڵکی مووسڵ بەهۆی شەڕ
بەگوێرەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیەی کە لە ناوچەی (گۆگجەلی)ی شاری مووسڵەوە نێردراوە، شەپۆڵی ئاوارەبوونی دانیشتووانی مووسڵ لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعشەوە بۆ ناوچە ئارامەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکە و دواتر بۆ ناوچەی خازر کە لەژێر دەستی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دایە، بەردەوامە و خەڵکی بە کۆمەڵ، بەبێ ئەوەی هیچ کەلوپەلێکیان هێنابێت، ماڵەکانیان جێدەهێڵن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە 19\11\2016، زیا سەلال، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری لقەکان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە: ”سەرجەمی ئەو کەسانەی کە لە کاتی دەست پێ کردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەواوە تا ئێستا ئاوارەبوون، گەیشتووەتە 62 هەزار و 399 کەس“. ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە لەو ژمارەیە، 26 کەس لە کاتی ئاوارەبوونیان لە (حەی ئەلسیماح، قادسیەی دووەم) لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ، بەهۆی بۆردمانکردنەوە بریندار بوون.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە 300 ئاوارە لە بەری ڕۆژئاوای مووسڵدا پێشوازییان لێ کراوە.
باسنیوز
