سوپای عێراق چوار فڕۆکەی F16 وەردەگرێت
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی وەزارەتی بەرگریی عێراق رۆژی شەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، ئەو چوار فڕۆکەیە لە ئەمریکا و بەپێی گرێبەستێکی سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکا، کڕدراون.
لیوا روکنی فڕۆکەوان ئەنوەر حەمەدەمین، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراقی رایگەیاندووە، کە ئەو فڕۆکە F16ـانە بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ دەکەن.
ناردنی ئەو چوار فڕۆکە F16ـەیە بریتی بوو لە قۆناغی چوارەمی ناردنی فڕۆکە F16ـەکان، کە تاوەکو ئێستا 14 دانە نێردراوە و بەپیی گرێبەستی نێوان عێراق و ئەمریکا، عێراق 36 فڕۆکەی لە ئەمریکا کڕیوە و قۆناغ بە قۆناغ دەنێردرێن.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
