حەشدی شەعبی نەوتی بیرە نەوتەکانی عەلاس-ی چیای حەمرین ئاودیوی ئێران دەکا

 حەشدی شەعبی نەوتی بیرە نەوتەکانی عەلاس-ی چیای حەمرین ئاودیوی ئێران دەکا
لە سەروبەندی داگیرکردنی پارێزگای سەڵاحەدین، لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، دەستیان گرت بەسەر بیرە نەوتەکانی (عەلاس) کە دەکەوێتە ناوچەی زنجیرە چیای حەمرین، لە ڕێگای نێوان خورماتوو- تکریت، دوای ڕزگارکردنەوەی پارێزگای سەڵاحەدین، ئێستا چەکدارانی (حەشدی شەعبی) دەستیان گرتووەت بەسەر ئەو بیرە نەوتانەی عەلاسدا و بەقسەی سەرچاوەیەک ڕۆژانە بڕێکی زۆر نەوتی خاو لە ڕێگای تەنکەرەوە ڕەوانەی ئێران دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان، کە لەو سەرچاوە باوەڕپێکراوەی وەرگرتووە، بیرە نەوتەکانی عەلاس لە ٢١ بیرە نەوت پێکدێت و ئێستا چەکدارانی حەشدی شەعبی، لەسەر ڕێگای نێوان خورماتوو- تکریت، گەراجێکی گەورەیان کردووەتەوە بۆ ئەو تەنکەرانەی کە نەوت لەو بیرە نەوتیانەی عەلاسەوە ڕەوانەی ئێران دەکەن و ڕۆژانە دەیان تەنکەر پڕ لە نەوتی خاو دەکرێن و دەنێردرێنە ئێران.

ھاوکات داھاتی ئەو بڕە نەوتەی کە ڕۆژانە ئاودیوی ئێران دەکرێن بۆ بەرپرسانی گرووپە جیاجیاکانی ناو حەشدی شەعبی و سەرکردە باڵاکانی ناو حەشد کە لە ھەمان کاتدا بەرپرسانی باڵای حزبە عەرەبییە شیعەکان تەرخان دەکرێت و تا ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، ھیچ ھەڵوێستێکی لە بەرامبەر دزینی نەوتی خاوی بیرە نەوتییەکانی عەلاس ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوەیەکە روونی کردەوە: "بیرە نەوتەکانی عەلاس، پێشتر تیرۆریستانی داعش دەستیان بە سەردا گرتبوو و مامەڵەیان پێوە دەکرد و پاشان لە چنگی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کرایەوە و ئێستاش لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی حەشدی شەعبیدایە و بە ئارەزووی خۆیان ڕۆژانە دەیان تەنکەر نەوت لەو بیرانەوە دەبنە ئێران بەبێ ئەوەی داھاتی ئەو نەوتانە بگەڕێتەوە بۆ حکوومەت و داھاتەکەی تەنیا بۆ سەرکردەکانی گرووپە جیاجیاکانی حەشدی شەعبییە".

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، تەواوی بەرپرسانی کارگێڕی و تەناھیی پارێزگای سەڵاحەدین ئاگاداری دزینی نەوتی ئەو بیرە نەوتانەی عەلاسن، بەڵام بێدەنگییان ھەڵبژاردووە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئاگاداری ئەو بابەتەیە، بەڵام ئەوانیش بێدەنگییان ھەڵبژاردووە و ھۆکاری ئەو بێدەنگییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێستا لە پارێزگای سەڵاحەدین، چەکدارانی حەشدی شەعبی باڵادەستن، ھەرچەندە پارێزگاکە لە ڕووی دانیشتوانەوە لە زۆرینەی سوننەمەزھەب پێکدێت".

ھەمان سەرچاوە ڕاشی گەیاند: "ڕۆژانە ٤٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە بیرە نەوتەکانی عەلاسەوە بە تەنکەر لە بازگەکانی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالەوە تێپەڕ دەبن و بەرەو ئێران دەنێدرێن".

پێشتریش ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری، پارێزگاری سەڵاحەدین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو، کە ئەوان ئاگادارن لە بردنی ئەو بیرە نەوتانەی عەلاس و عجێل لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین و داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراقی کردووە، ھێزی تایبەت بنێرن بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکانی عەلاس و عجێل و چیتر ئەو نەوتانە بەو شێوەیە بەھەدەر نەدرێت لە لایەن ژمارەیەک بەرپرسەوە".

پارێزگاری سەڵاحەدین ھێمای بۆ ئەوەش کردبوو، کە ڕۆژانە دەیان تەنکەر نەوت لە بیرە نەوتەکانی عەلاس و عجێلەوە نەوت بە شێوەی قاچاخ بە خورماتوودا تێپەڕ دەکەن و لە بازاڕی ڕەشدا دەیفرۆشن".

سەرچاوەکانی ھەواڵی عێراق ئاشکرایان کرد کە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، چەکدارانی داعش لە دەشتاییەکانی حەویجەوە ھێرشیان ھێنایە سەر بیرە نەوتەکەکانی عەلاس لە ناوچەی زنجیرەچیای حەمرین بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەستیان گرت بەسەر ئەو بیرە نەوتانەدا و دواتر ھێزە تەناھییەکانی عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی ڕووبەڕوویان بوونەوە و توانیان چەکدارانی داعش لە شەڕێکی قورسدا بەدەر بنێن و جارێکی تر ئەو بیرە نەوتانە کەوتەوە دەست حەشدی شەعبی و پێشتریش بۆ ماوەی نۆ مانگ ئەو بیرە نەوتانە لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدابووە.

لەم بارەوە ناتق عەبدولمەجید، سەرۆکی عەشیرەتی رمێلی و خەڵکی شاری تکریت و ئێستاش ئاوارەی شاری کەرکووکە،ڕای گەیاند: "ماوەیەکی زۆرە چەکدارانی حەشدی شەعبی، دەستیان بەسەر بیرە نەوتەکانی عەلاسدا گرتووە و ڕۆژانە نەوتی ئەو بیرانە لە ڕێگەی تەنکەرەوە دەنێرن بۆ ئێران، ئەم کردەوەیەی چەکدارانی حەشدیش لە پێش چاوی بەرپرسانی کارگێڕیی پارێزگای سەڵاحەدیندا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دزییەکی ئاشکرایە و بەھەدەردانی سامانی گشتییە و گەندەڵییەکی گەورەیە کە داھاتی فرۆشی ئەو نەوتانە دەچێتە گیرفانی چەند بەرپرسێکەوە، بەبێ ئەوەی لە بەرمیلێکدا یەک دۆلاریش بۆ پارێزگای سەڵاحەدین خەرج بکرێت".

گوتیشی: "ئێمە وەک عەشیرەتەکانی پارێزگای سەڵاحەدین، کە ئێستا زۆربەمان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بووینە، ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بەھەدەردانی نەوتی پارێزگای سەڵاحەدین لە لایەن چەکدارانی میلیشیایی سەر بە حەشدی شەعبییەوە و داوا لە حکوومەتی ناوەندی و وەزارەتی نەوتی عێراق و لیژنەی نەوت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین، کار لەسەر ئەوە بکەن چیدی نەھێڵن نەوتی بیرە نەوتەکانی عەلاس لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، بنێدرێت بۆ ئێران و داھاتەکەشی بۆ چەند بەرپرسێک بێت".

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای گەیاند: "من ئاگاداری چۆنیەتیی فرۆشتنی نەوتی بیرە نەوتەکانی عەلاس نیم و لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا لەسەر قسەی ئێوە وەکو لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەست دەکەین بە لێکۆڵینەوە و تا ئەو کاتەی زانیاری لەسەر ئەو بابەتە کۆ دەکەینەوە و دواتر بەوردی ئاشکرای دەکەین".











باسنیوز
Top