توركیا: ئەگەر پێویست بێ هێزێكی تر ڕەوانەی بەعشیقە دەكەین
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە فیكری ئیشق وەزیری بەرگریی توركیا دووپاتی كردەوە ئەگەر پێویست بكات وڵاتەكەی هێزی زیاتر ڕەوانەی كەمپی سەربازیی بەعشیقە دەكات. گوتیشی كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر لەسەر سنوورەكانی عێراق ئامادەكارییە بۆ شەڕی دژە تیرۆر.
ئیشق لە لێدوانێكی بۆ كەناڵە تەلەڤزیۆنیە توركییەكان گوتی "ئێمە نامانەوێ ھیچ ھێزێکی بیانی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ بکات و شارەکە پەلکێشی ھەڵومەرجێکی نالەبار بکات. ئەگەر ئەم ناوچەیە پەلکێشی ناسەقامگیرییەکی دوورودرێژ بکرێت، ئەوە کەس چاوەڕێی بێ ھەڵوێستی لە تورکیا نەکات".
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە تورکیا رازی نابێت ھێزێکی بیانی بۆ دەستکەوتەکانی دەرفەتی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بۆ خۆی بقۆزێتەوە.
ئیشک بە پێویستی زانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق بەڕێوەبچێ و زیاتر گوتی "پاککردنەوەی موسڵ لە داعش زۆر گرنگە و وەک تورکیا پشتیوانی لەو کارە دەکەین، بەڵام کاتێک ئەم کارە دەکرێت بە تایبەتی چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە لە ئایندەدا موسڵ پەلکێشی چاڵێکی دیکە و کێشە نەکرێتەوە. تورکیا لە نزیکەوە چاودێری گشت پێشھاتەکان دەکات و درێژە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیشی دەدات".
Bas News-
