عەبادی دەچێتە بەرەیەکی شەڕی دژی داعش
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2016 حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هەلیکۆپتەرێکی سەربازیی گەیشتووەتە شارەدێی گەیارە لە باشووری شاری مووسڵ.
لە سەردانەکەیدا، حەیدەر عەبادی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە کۆ بووەتەوە و سەربازەکانی بەسەر کردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە 31ـی تشرینی یەکەم، هێزە عێراقییەکان لە میانی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، لە سێ قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر بەری چەپی شاری مووسڵ.
پێشتر لە رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
