فەرماندەیەکی کورد رزگارکردنەوەی گەڕەکێکی مووسڵ رادەگەیەنێت
شانەی راگەیاندنی جەنگیی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2016، دژەتیرۆری عێراقی بەرەو رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ پێشڕەویی دەکەن و چوونەتە ناو شارەکەوە.
هاوکات لیوا فازڵ بەرواری، فەرماندەی فیرقەی ئاڵتوونیی سوپای عێراقی بە (کوردستان 24)ێ راگەیاندووە، کە هێزەکانیان گوندی بەزوایا و ناوچەی گۆگجەلییان لە رۆژهەڵاتی مووسڵ رزگارکردووەتەوە، کە گەڕەکێکی شاری مووسڵە.
رۆژی دووشەممە 31ـی تشرینی یەکەم، هێزە عێراقییەکان لە میانی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، لە سێ قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر بەری چەپی شاری مووسڵ.
پێشتر لە رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
