پۆلیسی ئیتیحادی دەچێتە ناو شارەدێیەکی باشووری مووسڵ
بەپێی بەیاننامەیەکی شانەی راگەیاندنی جەنگیی عێراقی، رۆژی شەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2016، هێزە عێراقییەکان دوای تەقاندنەوەی پێنج ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی رێکخراوی توندڕەوی داعش، هەردوو گوندی ئەلبو حەمید و نەسریان بە تەواوی رزگار کردووەتەوە.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هێزەکانی پۆلیسی ئیتیحادیی عێراقی لە چوار قۆڵەوە چوونەتە ناو شارەدێی (شورا) لە باشووری شاری مووسڵ.
لە رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
