مووسڵ.. داعش داوای خوێن لە هاووڵاتییان دەکات
بەپێی زانیارییەکان، وێڕای کوژرانی چەندین چەکداری داعش لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق، سەدان چەکداری دیکە بریندار بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی ئیبن سینا و جمهورییە لە شاری مووسڵ.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە شاری مووسڵەوە بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە داعش بە بڵندگۆ لە شەقامەکانی مووسڵەوە داوای بەخشینی خوێن لە هاووڵاتییان بۆ چەکدارە بریندارەکانی دەکات.
بەهۆی شکستیان لەبەرامبەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، چەکدارانی داعش بە تەواوی شپرزەبوون و ورەیان بە تەواوی رووخاوە، هاوکات چەکدارە داعشەکانی خەڵکی مووسڵ لە رێکخراوەکە جیابوونەتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
