لەسەر هێزەکەی تورکیا، عەبادی دەچێتە ئەمریکا
نەهلە هەبابی، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، رایگەیاند "حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و ئەندامانی حیزبی دەعوە باسی ئەوەی کردووە، بەنیازە سەردانی ئەمریکا بکات، بەمەبەستی تاوتووێکردنی پرسی بوونی هێزەکەی تورکیا لە نێو عێراق".
نەهلە هەبابی، هەروەها گوتی "ئەو سەردانەی عەبادی دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و داواکەی بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەمەبەستی تاوتوێکردنی بوونی هێزەکەی تورکیا لە عێراق"، جەختیشی کردەوە لەوەی "عێراق هەڵوێستی روونی دەبێت، ئەگەر واشنتن بێ هەڵوێست بێت بەرامبەر ئامادەیی هێزەکەی تورکیا و، شکستهێنانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دەرکردنی بڕیارێک بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا".
رووداو
