قەیس خەزعەلی: لە شەڕی موسڵ تۆڵەی ئیمام حوسێن دەكەینەوە

قەیس خەزعەلی: لە شەڕی موسڵ تۆڵەی ئیمام حوسێن دەكەینەوە
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند "لە شەڕی موسڵ تۆڵەی كوژرانی ئیمام حوسێن دەكەینەوە". دەشڵێت، سوورن لەسەر بەشداری حەشدی شەعبی لە شەڕەكە و رێگەشنادەن توركیا بەشداری بكات.

لە مەراسیمێكی شیعەكان لە یادی كوژرانی ئیمام حوسێن (عاشوورا) لە شاری حللەی سەنتەری پارێزگای بابل، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق، كە گرووپێكی چەكداری نێو حەشدی شەعبییە، رایگەیاند "رزگاركردنی موسڵ درێژكراوەی دامەزراندنی دەوڵەتی یەكسانی و دادپەروەرییە".

خەزعەلی جەختیكردەوە "رزگاركردنی موسڵ تۆڵەسەندنەوەی كوشتنی ئیمام حوسێن دەبێت، چونكە ئەوانە نەوەی ئەو كەسانەن، كە ئیمام حوسێن-یان كوشت".
لەبارەی لێدوانی بەرپرسانی توركیا بۆ بەشداری سوپای ئەو وڵاتە لە شەڕی موسڵ، ئەمینداری گشتیی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆمار توركیای بە هەوڵدان بۆ بەشدارینەكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شەڕی موسڵ تۆمەتبار.

قەیس خەزعەلی گوتی "ئەردۆغان مافی نییە دەستوەردان لە بەشداری حەشدی شەعبی لە شەڕی موسڵ بكات. ئێمەش رێگە بە ئەو نادەین بەشداری ئەو شەڕە بكات، دەڕۆین بۆ موسڵ و لەو شارە دەمێنینەوە".

عەسائیبی ئەهلی حەق یەكێكە لە گرووپە چەكدارەكانی نێو حەشدی شەعبی، كە دوای فەتوایەكی عەلی سیستانی، مەرجی باڵای شیعەكان لە عێراق لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی داعش پێكهێنرا.

حەشدی شەعبی هێزێكی چەكداری عێراقی شیعییە، لە 67 گرووپ پێكهاتووە و حكومەت پاڵپشتی دەكات.

بەهۆی ترسی ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق لە تووندوتیژی ئەو گرووپە، دانیشتووانی ئەو ناوچانە داوا دەكەن حەشدی شەعبی بەشداری شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچە سوننەنشینەكان نەكات.

بەشداری حەشدی شەعبی لە شەڕی تكریت و بڵاوبوونەوەی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆی ئازاردانی خەڵكی ناوچەكە، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەو چوارچێوەیەشدا سەرەڕای داواكاری خۆیان بۆ بەشداری، بەڵام سوننەكانی عێراق و وڵاتانی سوننەی ناوچەكەش دژی بەشداری حەشدی شەعبین لە شەڕی موسڵدا.









روداو
Top