لیژنە تایبەتەکەی بەغدا ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە
نووسینگەی عارف تەیفور، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنە تایبەتەکەی پەرلەمان، کە فوئاد مەعسوم، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان و حەیدەر عەبادی، نوێنەری لایەنەکانی شیعەو عەدنان جەنابی، نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی سوننە لەخۆدەگرێم، بە بەشداری عارف تەیفور، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و قوسەی سوهەیل، پێشوەخت لەگەڵ حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزەو کەریم لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوە".
نووسینگەی عارف تەیفور راشیگەیاند، "بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەکە کە راسپێردراوە بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لەبارەی بودجەی فیدراڵی و نەوتەوە سەردانی کوردستان بکات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوەو پێشنیازەکانی بەغدای پێشکەش بکات".
نووسینگەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەروەها رایگەیاند، "حەیدەر عەبادی پێشوەخت رایگەیاند، کە بەهۆکاری تایبەت بە خۆیەوە ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی کوردستان ناکات و بەشداری کۆبوونەوەکەی نێوان لیژنە تایبەتەکەی پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانی نابێ".
ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لەبارەی بڕگە تایبەتەکانی پرۆژە یاسای بودجەی 2014 تایبەت بە پشک و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و قەیرانی ئەنبار، بودجەی فیدراڵی لە پەرلەمان چەقی بەستووە.
هاوکات بەهۆی ناکۆکییەکانەوە، ماوەی دوو مانگە حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی فیدراڵی رەوانەی کوردستان نەکردووە.
رووداو
