عەممار حەكیم: قسەی بەسرە لە چیاكانی كوردستان دەنگدەداتەوە

 عەممار حەكیم: قسەی بەسرە لە چیاكانی كوردستان دەنگدەداتەوە
عەممار حەكیم، پارێزگای بەسرە بە پایەی سەركەوتن و هەستانەوەی عێراق لەقەڵەم دەدات ‌و پێیوایە یەكگرتوویی بەسرە بە مانای یەكگرتوویی هەموو عێراقە، نموونەیەكیش بۆ ئەوە دەهێنێتەوەو دەڵێ " ئەگەر بەسرە قسە بكات، لە چیاكانی كوردستان دەنگدەداتەوە".

عەممار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە وتارێكدا لەمیانەی ئاهەنگێكی جەماوەری كە لە شاری بەسرە لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەكەی پێشكەشی كرد رایگەیاند "بەسرە قسەی خۆی هەیە، ئەگەر قسەی خۆی بكات ئەوا دەنگدەداتەوە لە چیاكانی كوردستان، بیابانی ئەنبار، شەقامەكانی بەغدا و سەرجەم شارەكانی عێراق".

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق دەڵێت ئێستا كاتی ئەوەیە بەسرە ئەو قسەیە یەكلاكەرەوەیی خۆی بكات، هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كردی.دەشڵێت "ئەگەر بەسرە هەستێتەوە، عێراق هەڵدەستێتەوە و دەبووژێتەوە، كاتێك بەسرە یەكگرتووبێت، عێراق یەكگرتوو دەبێت".

هەر لە وتارەكەیدا سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، رایگەیاند "زۆربەی وەزارەتەكان بەدەست گەندەڵی و مەحسوبییەت و بیرۆقراتییەت دەناڵێنن، بۆیە ئەگەر دەمانەوێت حكومەتی كارا و بەهێزمان هەبێت، پێویستە هەموومان بەشێوەیەكی فراوان روو لە سند‌ووقەكانی دەنگدان بكەین، هەروەك مەرجەعییەتی باڵا داوای دەكات".













رووداو
Top