کورد داوای سزادانی مشعان جبوری دەکات

 کورد داوای سزادانی مشعان جبوری دەکات
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی کوردستانی داوای دوورخستنەوەی مشعان جبوری دەكەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق بەهۆی لێدوانەکانی لە دژی کورد.

لەتیف شێخ مستەفا، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "مشعان جبوری ئەو دەمەی لە بەغدا دەرکرا لەبەر دەرگای بەرپرسانی کوردستان دەپاڕایەوە کەچی ئێستا لێدوانی شۆفێنی و هاندەر لە دژی کورد دەدات".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا دەڵێت "مشعان جبوری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بە وتاری شۆفێنی و هاندەر لە دژی کوردو هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و گوایە ئەو کۆتایی بە داگیرکردنی عێراق دێنێ لەلایەن کوردەوە".

لەتیف شێخ مستەفا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، مشعان جبوری راشکاوانە دوای جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانی کردووە لە عێراق و ئەوە هەوڵێکە بۆ دابەشکردنی عێراق و پێشێلکردنی ماددەی یەکەم و حەوتی دەستووری عێراق و رێنەمایی و یاساکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا جەختدەكاتەوە، کە "ئەگەر کاندیدێک هەبێ لە عێراق شایەنی دوورخستنەوەی بێ بەهۆی لێدوانە شۆفینییەکانی ئەوا مشعان جبوری لیستەکەیەتی و دەبێ کۆمسیۆن پابەندی یاساکانی خۆی بێ و جبوری لە هەڵبژاردن دوور بخاتەوە".

هاوکات مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "هاوپەیمانی کوردستان سکاڵا لە دژی لێدوانە شۆفینییەکانی مشعان جبوری لە دژی کورد تۆماردەکات، چونکە بەرنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنی مشعان جبوری راستەوخۆ دژایەتی کوردو تورکمان دەکات".

ئەمە لەکاتێکدایە مشعان جبوری، ئەندامی دوورخراوەی خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستەکەی لە کەناڵێکی ئاسمانییەوە رایگەیاند، کە ئامانجی ئەو و لیستەکەی کۆتاییهێنانە بە داگیرکردنی عێراق لەلایەن کوردەوە، یان پێکهێنانی هەرێمێکی عەرەبی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەرێمی کوردستان.

مشعان جبوری پێشتر خاوەنی کەناڵی زەورا بوو کە لە دژایەتی هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە عێراق و حکومەتی عێراق دەکرد و دوای ئاشتبوونەوەی لەگەڵ نووری مالیکی لە سووریاوە گەڕایەوە عێراق و دادگا هەموو سزاکانی سەری هەڵوەشاندەوە










رووداو
Top