هەڕەشەی تیرۆریستان هاووڵاتیانی عێراقی هەراسان كردووە

 هەڕەشەی تیرۆریستان هاووڵاتیانی عێراقی هەراسان كردووە
لە ئاكامی بۆردومانی هێزە ئاسمانیەكانی سوپای عێراق بۆ سەر شاری فەلوجە،سەركردەیەكی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش كە بە رەگەز كوێتییە كوژرا.

سەرچاوەیەكی ئەمنی روونی كردەوە كە فرۆكەكانی سوپای عێراق گەرەكی سەربازییان لە شاری فەلوجە بۆردومان كرد و لە ئاكامدا سەركردەیەكی رێكخراوی داعش بە ناوی عەبدولرەحمان كوێتی كە بە رەگەز كوێتییە كوژرا.

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەك لە حكوومەتی ناوخۆی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند كە چەندین یاداشت دژ بە كەسایەتییە عەشایری و ئایینی و ئەكادیمی و راگەیاندكار لە دەرەوەی عێراق بە تۆمەتی پشتگیریكردن لە تیرۆر دەركراون. سەرچاوەكە روونی كردەوە كە دەستەڵاتی دادوەریی عێراقی چەندین یاداشتی دەستگیركردنی دەرهەق بە حەڤدە كەسایەتیی ئایینی و ئەكادیمی لە خەڵكی ئەنبار دەركردووە كە لە وڵاتی ئوردن و میسر نیشتەجێن بە تۆمەتی هاندان بۆ كوشتنی هاووڵاتیانی ئەنبار و پشتگیریكردنی تیرۆر بە هەموو شێوەیەك لە شێوەكان لەناو ئەم پارێزگایە.

بەپێی سەرچاوەكە، وێنەیەك لەم یاداشتنی دەستگیركردنە رادەستی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ) كراوە بۆ دەستگیركردنیان. چەندین یاداشتی دیكەی دەستگیركردن دەرهەق بە ژمارەیەكی دیكە دەردەچێت دژ بە ژمارەیەك كەسایەتیی راگەیەندكار لە خەڵكی شاری ئەنبار، بە تایبەتی ئەوانەی لە ئوردن نیشتەجێن و هانی تیرۆر دەدەن لەشاری ئەنبار.

لەلایەكی دیكە بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ سوپای عێراق خۆی ئامادە كردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی ئەمنی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ئەوەی ناوچەی بەنداوی سەرسار لە باكووری شاری فەلوجە سەر بە پارێزگای ئەنبار، بخاتەوە ژێر كۆنترۆڵی خۆی. ئەم خۆئامادەكردنەی سوپای عێراقی بەهۆی كۆنترۆڵكردنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشە بە سەر ناوچەكە كە ئاوی بەنداوەكەیان لە سەر رووباری فورات گرتووەتەوە و رێرەوی ئاوەكەیان گۆریوە، ئەمەش بووەتە نقومبوونی گوندی زەوبەع كە نزیكە لە بەنداوەكە بەهۆی ئەم نقومبوونەش خەڵكی ئەم گوندە ئاوارە بوون.

حكوومەتی عێراقیش دوای بڕینی ئاو لەلایەن رێكخراوی داعشەوە لە سەر پارێزگاكانی ناوەراست و باشوور هەڕەشەی بەكارهێنانی گەورەترین هێز دەكات دژ بەم رێكخراوە.

هەر بەهۆی گرتنەوەی ئاو لە بەنداوی سەرسار، عەبدولكەریم سابیی قایمقامی قەزای موسەییەب گوتی كە ئەم كارەی رێكخراوی داعش بووەتە هۆی كەمبوونی ئاو و هاتنەخوارەوەی ئاستی ئاوی رووباری فورات.
Top