سه‌در و ئه‌لحه‌كیم، دژی ویلایەتی سێیەمی مالیكی دەوەستنەوە

 سه‌در و ئه‌لحه‌كیم، دژی ویلایەتی سێیەمی مالیكی دەوەستنەوە
هەردوو رێبەری ئایینی و سیاسیی شیعە، موقتەدا سەدر و عەممار حەكیم لە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هاوئاهەنگی لەبارەی پەرلەمانی ئاییندەی عێراق كۆبوونەوە و پەرلەمانتارێكی سەر بە فراكسیۆنی ئەحراری رەوتی سەدریش رایگەیاند، كە هەردوولا رێككەوتوون كە "دژی ویلایەتی سێیەمی مالیكی بوەستنەوە".

موقتەدا سەدر، كە لیستی ئەحراری هەیە و عەممار حەكیم كە لیستی مواتنی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ لە شاری بەغدا كۆ بوونەوە بۆ هاوئاهەنگیكردن بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق.
ئەمیر كنانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی ئەحرار بە رۆژنامەی (الشرق الاوسگ)ی راگەیاند، كە "گەیشتینە لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ لیستی مواتنی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، لێكتێگەیشتنەكە تاوەكو رادەی هاوئاهەنگییە لەسەر وردەكارییەكانی تایبەت بە پاڵێوراوی داهاتووی سەرۆك وەزیران"، لە جیاتی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق، كە بە پشتیوانی فراكسیۆنی ئەحرار و فراكسیۆنی مواتن توانی ببێتە پاڵێوراوی عەرەبی شیعە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام ئێستا هەردوو لایەنەكە دەڵێن ئەوان پشتگیری لە سێ بارە بوونەوەی ناكەن بە سەرۆك وەزیران.
ئەمیر كنانی روونی كردەوە كە رێككەوتن لەسەر وردەكارییەكانی چۆنیەتیی دانانی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق بۆ ئەوەیە، تاوەكو لە داهاتوودا ناكۆكی لەوبارەوە دروست نەبێت.

Top