موسڵ.. لەمانگی ئاداردا 93 چەكداری داعش كوژراون

 موسڵ.. لەمانگی ئاداردا 93 چەكداری داعش كوژراون
مانگی ئادار بەراورد بە دوو مانگی پێشووی ئەمساڵ رێژەی كردەوە تووندوتیژییەكان رووی لە زیادبو‌ون كردووەو بەوهۆیەوەش ژمارەی كوژراوان زیاتر بووە.

سەعید مەموزینی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ، ئاماری كوژراوانی شارەكەی لە مانگی ئادار بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو و رایگەیاند، كە لەو مانگەدا 198 كەس كوژراون.

مەموزینی روونیكردەوە، لەو ژمارە كوژراوە 93 كەسیان چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بوون و بەهۆی رووبەڕووبوونەوەیان لە گەڵ پۆلیس و سوپای عێراق لە شارەكە كوژراون.

ئاماژەی بەوەشكرد 105 كەسی دیكەش كوژراون، كە خەڵكی مەدەنی و سەربازانی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی دیكەی شارەكەشی تێدایە.

سەبارەت بە رێژەی كوژرانی هاونیشتمانیی كورد لەو ماوەیەدا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ رایگەیاند كە لەو 105 كوژراوە 8 كەسی كوردی تێدایە، كە زۆربەیان كوردی شەبەكن. گوتیشی "2 پزیشكیش رفێنراون و دواتر كوژراون".

سەعید مەموزینی لە لێدوانەكەیدا بۆ رووداو رایگەیاند، كە بەراورد بە مانگی كانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ ژمارەی قوربانییان رووی لە هەڵكشان كردووە، بەوپێیەی لە مانگی كانوونی یەكەمدا 91 كەس كوژراون و لە مانگی شوباتیشدا 73 كەس.








رووداو
Top