"هیچ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان بارزانی و مالیكی ئەنجامنەدراوە"
لە چەند ماڵپەڕێكی عەرەبی بڵاوكراوەتەوە كە نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی دۆسیەی كوشتنی محەممە بدێوی و ئەفسەرە كوردەكە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كردووە و "داوای لێبوردن"ی كردووە، لەسەر ئەوە قسانەی كە لە شوێنی رووداوەكە كردووەیەتی لەوانە هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە "خوێن بە خوێن".
لەوبارەوە د.ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو)ی هەواڵەكەی رەتكردەوە و گوتی "ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی راستی نییە".
گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی "هیچ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام نەدراوە".
بەگوێرەی ئەو هەواڵەی كە بڵاوكراوەتەوە، مالیكی لە گەیاندنی زانیارییەكان بە هەڵەبراوە و نەی زانیووە ئەوە ئەفسەر كوردە، بەڵكو واتێگەیەندراوە ئەو ئەفسەرە سەر بە عەممار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە، بۆیە مالیكی هەوڵیداوە بۆ هەڵبژاردن بیقۆزێتەوە و لە دژی حەكیم بەكاری بهێنێ.
رووداو
