پەرلەمان بە فەرمی بودجەی خستە كارنامەی دانیشتنی داهاتوو
بەپێی كارنامەی دانیشتنی یەكشەممەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 ئەنجامبدات.
هاوكات بڕیارە پەرلەمان لە دانیشتنی یەكشەممە دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی باج وەرگرتن لە كۆمپانیا وەبەرهێنەرە عێراقی و بیانییەكان لە عێراق و پرۆژە یاساكانی هەژماركردن و مافی توركمان و وەزارەتی تەندروستی بدات.
هەروەها بڕیارە پەرلەمان هەمان رۆژ دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای هەمواركردنی دووەمی یاسای دەزگای شەهیدانی عێراق و پرۆژە یاسای كار بدات، جگە لە ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی لێكۆڵەری دادی و پرۆژە یاسای هەمواركردنی باجی دادوەری.
ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانی عێراق لە 16ـی مانگی ئاداری ساڵی 2014، بەبێ ئامادەبوونی كورد خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 ئەنجام دا.
هاوكات بڕگە تایبەتەكانی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014، كە تایبەتن بە پشك و هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بوونەتە جێی ناكۆكی لە نێوان هەولێرو بەغداو بوونەتە هۆكارێكی چەقبەستنی پرۆژەی بودجە لە پەرلەمان.
رووداو
