پەرلەمانی عێراق: ئەمریکا فێڵی لێکردووین و فڕۆکەکانی کار ناکەن
دوێنی چوارشەممە 26-3-2014، ئەسکەندەر وەتوت بریکاری لیژنەی ئاساییش و بەرگری پەرلەمانی رایگەیاند “ئەمریکا فێڵی لە عێراق کرد کاتێک 70 فڕۆکەی لەکارکەوتووی پێفرۆشتا کە توانای شەڕ کردنیان نییە”.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (واخ)ی عێراقی، ئەسکەندەر وەتوت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی “پاش تاقیکردنەوەی ئەو 70 هەلیکۆپەتەرەی کە لە جۆری (بیل 407) و (ST 214)یە، بۆمان دەرکەوت کە توانای رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ دوژمن و شەڕکردن نییە، هەروەها شکستی هێناوە لە بواری هونەری و سەربازییەوە، چونکە لە بنەڕەتدا فڕوکەکان تایبەتمەندی جەنگ و پاڵپشتی کردنی یەکە سەربازییەکانی تێدا نییە.
ئەسکەندەر بەرپرسیارییەتی هاوردەکردنی ئەو جۆرە فڕوکانەی خستە ئەستۆی وەزیری بەرگری پێشووی عێراقی عەبدولقادر عوبەیدی و ئەنوەر حەمەدەمین سەرکردەی هێزە سەربازییەکانی عێراقی و فەریق حامد عەتیە سەرکردەی فڕوکەوانی سەربازی، چونکە ئەوان هیچ هەڵوێستێک و پێشنیازێکیان لەبارەی وەرگرتنی ئەو فڕوکانە دەرنەبڕیوە.
گوتیشی “ئەمریکییەکان بە مەبەست کۆسپ دەخەنە بەردەم پێدانی مووشەکی تایبەتمەند بەو فڕۆکانە، فڕوکەکانیش ناتوانن لە هەموو کەشوهەوایەک بفڕن”.
شایانی باسە لە 2-12-2014 عێراق 3 هەلیکۆپتەری روسی لە جۆری (M135) هێرشبەری جەنگی پێگەیشت، هەروەها لە 13ی شوباتی رابردووش فڕۆکەیەکی تری لە هەمان جۆر گەیشتە بەندەری بەسڕە.
باسنیوز
