سەدر: دیالە کەوتووەتە نێوان ئاگری نەزانانی شیعە و وەهابییەکان

 سەدر: دیالە کەوتووەتە نێوان ئاگری نەزانانی شیعە و وەهابییەکان
رێبەری رەوتی سەدری شیعە مەزهەب، رایگەیاند، ئەو كوشتارگە و تووندوتیژییەی لە پارێزگای دیالە روودەدات، جێگەی داخەو دیالە كەوتووەتە نێوان ئاگری وەهابییەكان و نەزانانی شیعە.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "خەڵكانی بێتاوان دەبنە قوربانیی، جێگەی داخەو دیالە كەوتۆتە نێوان ئاگری وەهابییە تووندڕەوەكان، كە كوشتن و بڕینیان كردووەتە پیشە لەلایەكەوە و ئاگری نەزانانی شیعە، كە مزگەوتەكان دەسووتێنن و خەڵكی دەكوژن بۆ ئەوەی یەكریزی مسوڵمانان تێكبدەن".

بەیاننامەکەی سەدر زیاتر نووسیویەتی، "سوننەی میانڕەو و شیعەی دادپەروەر بوونەتە قوربانی هەڵسوكەوتی منداڵانەی خەڵكانێكی دیكە"، هۆشداریشیدا لەوەی ئەو هەڵسوكەوتانە ببنە هۆی "دەستبەرداری سوننەی میانڕەو لە میانڕەوی و شیعەی دادپەروەر لە دادپەروەری و دەست بە تووندوتیژی بكەن".

رابەری رەوتی سەدر راشیگەیاند، "ئەوەی زەرەرمەند دەبێ تەنها گەلی عێراقەو ئەوەی سوودیش لەو دۆخە وەردەگرێ تەنها دیكتاتۆرەو ئەوانەی دەستبەرداری كورسی دەسەڵات نابن".

هەر لەو بەیاننامەیەدا موقتەدا سەدر وەک ئاماژەیەک بۆ نووری مالیکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هاتووە، "لایەنگرانی دیكتاتۆر هەوڵی ئەوە دەدەن ناوی بنەماڵەی سەدر بەو تووندوتیژی و ئاژاوەگێرییە ببەستنەوە، بەڵام هۆكاری راستەقینەی ئەو ئاژاوەگێرییە دیكتاتۆرو میلیشیاكانە، كە خەڵكی سادەو خۆشباوەڕی لایەنگیری ئێمە هەڵدەخەڵەتێنن".








رووداو
Top