مالیكی: ئامانجی فشارەكانی پەرلەمان دواخستنی هەڵبژاردنە

 مالیكی: ئامانجی فشارەكانی پەرلەمان دواخستنی هەڵبژاردنە
سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئامانجی فشارەكانی پەرلەمای عێراق بۆ سەر كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراقە.

نووری مالیكی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە وتاری هەفتانەیدا، ئەمڕۆ لە بەغدا، رایگەیاند: "دوورخستنەوەی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق بەپێی یاساو دەستووری عێراق لە دەسەڵاتی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانە، بەڵام حكومەتی عێراقیش مافی راستكردنەوەی بڕیارەكانی كۆمیسیۆنی هەیە".

مالیكی گوتیشی "كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لایەنێكی جێبەجێكارەو پەرلەمان دەتوانێ یاسای كۆمیسیۆن هەمواربكاتەوە، بەڵام دەبێ یاسا پێشوەخت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پێشنیاز بكرێ، ئەوجا پەرلەمان پەسەندی بكات و دواتر دەبێ كۆمیسیۆنی پابەندی بێت".

سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، "ئەوەی روویدا كۆمیسیۆن دوورخستەنەوەی كاندیدەكانی رەتكردەوەو ناشڵێم دەبوایە كۆمیسیۆن ئەو كارەی نەكردبایە، بەڵام دەڵێم دەبێ پەرلەمان ئەو هەڵەی نەكردبایەو داوای لە كۆمیسیۆن نەكردبایە بڕیارەكانی پەرلەمان جێبەجێبكات".

نووری مالیكی ئاماژەی بەوەشدا، كە "دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەبێتە هۆی تێكدانی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ئامانجی فشارەكانی پەرلەمای عێراق بۆ سەر كۆمیسیۆن دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووە".

مالیكی ئەوەشی خستەڕوو، كە "بڕیاری پەرلەمان بۆ كۆمیسیۆن پێچەوانەی دەستوورو یاسایە و دەڵێم دەبێ پەرلەمان هەڵەكەی چاكبكاتەوەو كۆمیسیۆنیش دستبەرادی بێلایەنی خۆی نەبێ".

نووری مالیكی زیاتر گوتی، "هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو بە رێگەی دەستوەردان لەكاروباری كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ناچاركردنی ئەندامانی كۆمیسیۆن بۆ ئەوەی دەست لەكاربكێشنەوە، جێی مەترسین، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی بەرەو نادیار دەبات".

سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوكات گوتی، "پێویستە پەرلەمان دەستبەرداری دەركردنی فەرمان بێ، چونكە ئەوە كاری حكومەتەو كاری پەرلەمان تەنها پەسەندكردنی یاسایە نەك بڕیاردان".

مالیكی جەختیشی لەوەكردەوە، كە "دەبێ یاسایەك دەربكرێ دەسەڵاتی كۆمسیۆنی پێ دیاری بكرێ، بۆیە چاوەروانین پەرلەمان لەو فەرمانانەی پاشگەز ببێتەوەو ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش لە دەستلەكاركێشانەوەیان پاشگەزببنەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە عەزیز خێكانی، بەرپرسی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشوەخت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە سەرۆكی كۆمیسیۆنەوە دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەشی سەرۆكایەتی كۆمیسیۆن كردو چاوەروانی رەزامەندی سەرۆكن لەسەر داواكارییەكەیان".

خێكانی گوتیشی "هۆكاری ئەو بڕیارە ململانێی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە عێراق لەبارەی ماددەی 3ـی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە 45ی ساڵی 2013، كە كۆمیسیۆن ناچار دەكات پابەندی بڕیارەكانی ئەو دوو دەسەڵاتە بێ، ئەگەر چی بڕیارەكانی ئەو دوو دەسەڵاتە دژ بەیەكن".

ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی داهاتووی ئەوە پەرلەمانە بڕیارە لە 30ـی مانگی نیسانی داهاتوو بەڕێوەبچێ.









رووداو
Top