ئەرکی پاراستنی دەروازەکانی کۆشکی کۆماری لە کورد دەسەندرێتەوە و دەدرێتەوە عەرەب
سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:
"بەهۆی کوژرانی رۆژنامەنووس محەممەد بدێوی دوێنی لەسەر دەستی ئەفسەرێکی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆمار وەزارەتی ناوخۆ و ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئەرکی پاراستنی دەروازەکانی کۆشکی کۆماری لە ناوچەی جادرییەی بەغدا لە لیوای یەک و دووی پاراستنی سەرۆک کۆمار سەندەوەو بە لیوای سێی پۆلیسی فیدراڵی سپارد".
مەعن گوتیشی "رۆڵی لیوای یەک و دووی پاراستنی سەرۆک کۆمار تەنها هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدایە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری پایتەخت و لەبەر ئەوەی ئێستا هێزە ئەمنییەکانی عێراق زۆر بەتواناترن دەتوانن دەستبەرداری هاوکاری ئەو دوو لیوایە ببن".
ئەمە لەکاتێکدایە عەمید کەهدار، فەرماندەی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:
"هیچ لایەنێکی بەرپرسی عێراق داوایان لە لیوای یەک و لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق نەکردووە بەغدا بەجێ بهێڵن و ئێمە بە فەرمانی نووسینگەی سەرۆک کۆمار نەبێ بەغدا بەجێ ناهێڵین".
عەمید کەهدار زیاتر گوتی "ئەو رۆژنامەنووسەی کە دوێنێ لە بەغدا کوژرا بە سیادی پێچەوانەوە ویستبووی لە بازگەیەکی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆمار دەرباز بێ، بەڵام ئەفسەرێک رێگەی پێنەدابوو و دواتر رۆژنامەنووسەکە لەگەڵ ئەفسەرەکە بەشەڕهاتبوو ئەفسەرەکەش رۆژنامەنووسەکەی کوشت".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشتر رایگەیاند "تۆمەتبارەکەی لیوای پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق، کە بە کوشتنی رۆژنامەنووس محەممەد بدێوی تاوانبارە رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرا".
هەروەها پێشوەخت زیاد عجێلی، بەڕێوەبەری روانگهی ئازادیە رۆژنامەگەرییەکان لە عێراق راگەیاند: "بەهۆی دەمەقاڵێی محەممەد بدێوی لەگەڵ پێشمەرگەیەکی لیوای پاراستنی جەلال تاڵەبانی لە بەغدا کوژرا
رووداو
