داعش ناوچەیەكی دیالەی كۆنترۆل کردووە
لە راگەیەندراوێدا كە كۆپییەكی ئاراستەی ئاژانسی هەواڵی پەیامنێركراوە، بەرێوەبەری پۆلیسی دیالە، لیوا روكن جەمیل ئەلشمەری، رایگەیاندووە: شەوی رابردوو لە ناحیەی بەهروزی پارێزگای دیالە، ژمارەیەك چەكداری داعش هێرشیان كردۆتەسەر بازگەیەكی پشكنینی هێزەكانی پۆلیس و لە ئاكامی رووبەروبونەوەی هەردوولادا كە زیاتر لە نیو كاتژمێری خایاندووە، پۆلیسێك كوژراوە و دوو پۆلیسی دیكەش برنیداربون. هاوكات سێ چەكداری داعشیش كوژراون.
ئاماژەش بەوەدەكات، "هێزە ئەمنییەكان توانیویانە ناوچەكە كۆنترۆڵ بكەن و هۆشداریش دەداتە هاووڵاتیانی ناحیەكە كە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە باس لەوە دەكەن چەكدارانی داعش كۆنترۆڵی ناوچەكەیان كردووە و ئەو هەواڵانە تەنها بۆ ترساندنی هاووڵاتیانە".
لە لایەكی دیكەوە و بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵ، چەكدارانی داعش توانیویانە ناحیەی بەهرۆزی كۆنترۆڵ بكەن و هەروەها لە رێگەی مزگەوتەكانەوە داوای جیهاد لە هاووڵاتیانی ناوچەكە دەكەن و هاوكاتیش لە رێگەی موكەبەرەی مزگەوتەكانەوە سرد و دروشمی تایبەت بە گروپە تیرۆریستییەكان بۆ وروژاندنی هەستی هاووڵاتیان لێدەدەن.
هەر بە پێی ئەو زانیارییانە ژمارەیەكی زۆرتر پۆلیس كوژران لەو ژمارەیەی كە بەرێوەبەری پۆلیسی دیالە ئاشكرای كردووە.
PNA
