ئەمریكا چەندین چەکی دیكە رادەستی عێراق دەکات

 ئەمریكا چەندین چەکی دیكە رادەستی عێراق دەکات
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق رایگەیاند، ئەمریكا بەشێكی دیكەی چەك و تەقەمەنی رادەستی عێراق كرد.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "لەم مانگەدا ئەمریكا نزیكەی 100 موشەكی جۆری هێڵفایەر و سەدەها هەزار گوللـە و چەكی جۆری m- 4 ی رادەستی عێراق كردووە".

هەروەها لەبەیاننامەكەدا هاتووە: "بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان، ئەمریكا هەوڵدەدات پەلە بكات لە ناردنی چەك و تەقەمەنی بۆ عێراق، بەشێوەیەك لەگەڵ سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بگونجێت، كە پێویستە رێكاری سیاسی، ئابووری و ئەمنی لەئاست بگیرێتەبەر، هاوكات پێویستە هێزە ئەمنییەكانیش چەك و پێداویستی تەواویان بۆ دابینبكرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەڕووی ئەو هەرەشانە بوەستنەوە، كە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە عێراق و ناوچەكە دروستیكردووە".

بەشێک عێراقیەكان ترسیان لەوە هەیە مالیكی ئەو چەكانە دژی ركابەرە سیاسیەكانی بەكاربێنێت لەپێناو سێبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران.

ئەنتۆنی كوردسمان، لە سەنتەری توێژینەوە ستراتیژییەكان لە بەریتانیا، لەمبارەوە گوتی: "مەترسی مالیكی كەمتر نییە لە مەترسی قاعیدە، چونكە هەموو دەزگا ئەمنییەكان، دادوەری و داهاتەكانی وڵاتی بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانی خۆی خستوەتەكار".

کوردسمان گوتیشی: "سیاسەتەكانی ئەمریكا لە عێراق نوشستیان هێنا لەبەرامبەر زیادبوونی هەژموونی ئێرانی، هاوكات ئەمریكا ناتوانێ بە ئاشكرایی فشار بخاتە سەر مالیكی چونكە دەترسێت مالیكی پەنابباتە بەر ئێران بۆ پاراستنی خۆی لە فشارەكانی ئەمریكا".

چادێرانی سیاسیش پێیانوایە بە مەبەستی راماڵینی ركابەرە سیاسییە سوننەكانی، مالیكی شەڕی لەبەرامبەر داعشەكان دروستكردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی نەیتوانی سەرنجی تایفەی شیعە بۆ لای خۆی راكێشێ بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتێكی شیعەیی لە عێراق.








هەولێر
Top