فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیان كرد
مەلا عوزێر حافیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەر بە هاوپەیمانیی كوردستانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كاژێر 12ی نیوەڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكردووە.
ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا بڕیاردرا بۆ ئەوەی بەشداری دانیشتنەكان بكرێت بە خوێندنەوەی بودجەشەوە، ئەگەر ئەو تێبینییانەی كە كورد هەیەتی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە رەچاو بكرێت و چاك بكرێت.
مەلا عوزێر، كە سەر بە لیستی یەكگرتووی ئیسلامییە گوتیشی:"بەداخەوە داواكارییەكانی ئێمە جێبەجێ نەكرا، بۆیە وەك فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بایكۆتی كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عێراقمان كرد و بایكۆتیشی دەكەین تا ئەو كاتەی تێبینییەكان و داواكارییەكانی كورد جێبەجێ دەكرێت".
ئاماژەی بەوەش كرد كە كۆبوونەوەكە بەردەوامە بەڵام رێژەی یاسایی تەواو نابێت .
پێشتر لایەنە كوردییەكان رێككەوتوون ئەگەر ئەو بڕگەو بابەتانەی تایبەتن بە پشكی كورد لە پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵدا هەموار نەكرێتەوە ئەوە زۆربەی پەرلەمانتارانی كورد بەشداری كۆبوونەوەكە نابن.
ئەمە لەكاتێكدایە بڕگە تایبەتەكان بە پشك و هەناردەكردنی نەوتی كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە كە دەبێ كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات و داهاتی ئەو نەوتەش رادەستی بەغدا بكات بۆ خەرجكردنی پشكی لە بودجەی فیدراڵی.
رووداو
