هۆشیار زێباری له‌باره‌ی داعش قسه ده‌كات
له‌لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت، هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق رایگه‌یاند،" تیرۆر بۆته دیارده‌یه‌ك سنوره‌كانی تێپه‌ڕاندووه و مه‌ترسیه‌كی جددی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بی وئیسلامی و نێوده‌ڵه‌تی دروستكردووه"، وتیشی: به‌گژاچوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌ته‌نها له‌ڕێی ده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانه‌وه نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌رچاوه‌ی بیر و كۆمه‌كی ماددی ئه‌و گروپانه وشك بكرێن، تا چیتر ناجێگریی ره‌وشی سیاسیی و سه‌رهه‌ڵدانی ئاژاوه نه‌قۆزنه‌وه بۆ مه‌رامه‌كانی خۆیان.
زێباری رایگه‌یاند،" به‌هۆی بارگرژییه ئه‌منییه‌كانی ناوخۆی سوریا، گروپه توندڕه‌وه‌كان چالاكییه‌كانیان له‌عیراق چڕكردۆته‌وه، هه‌روه‌ك هۆكاری ناوخۆیی له‌پشت سه‌رهه‌ڵدانی داعش-ن له‌عیراق"، وتیشی: به‌هۆی دواكه‌وتنی كێشه‌كانی به‌رده‌م ره‌وشی سیاسی و گه‌شه‌پێدان له‌عیراق ، لایه‌نه به‌رپرسه‌كان دواكه‌وتن له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گروپ و تاقمه توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك داعش.
له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا زێباری وتی: دوای ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناو عیراق ساڵانی 2010 و 2011 پێویست بوو رێوشوێنی پێویست بگرینه به‌ر له‌ڕووی به‌هێزكردنی به‌شداریی سیاسیی و پیاده‌كردنی بنه‌مای ئاشته‌وایی نیشتمانیی و پێكهاتن و گه‌یاندنی پرۆژه‌ی حزمه‌تگوزاریی به‌ناوچه جیاجیاكان، به‌ڵام له‌و هه‌نگاوانه دواكه‌وتین، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند،" كاردانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی سوریا له‌سه‌ر عیراق راسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر عیراق دروستكردووه و رێگر بوون له‌ده‌ستپێكردنی ئه‌و هه‌نگاوانه".
هه‌رله لێداوانه‌كه‌یدا زێباری باسی له هه‌وڵی چه‌كداره‌كانی داعش بۆ كۆنترۆڵكردنی پارێزگای ئه‌نبار و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزه عه‌شایه‌ر و ئه‌منیه‌كانی عیراق كرد، هه‌روه‌ك باسی كاریگه‌رییه‌كانی بارودۆخی ئه‌منی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئاواره‌بوونی خه‌ڵكی پارێزگاكه بۆ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت باسكرد.
سه‌باره‌ت به‌پشتیوانییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌عیراق، زێباری وتی: لایه‌نی ئه‌مریكی هاریكاریی زۆر باشی پێشكه‌ش به عیراق كردووه له‌بواری به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر، له‌ڕێی پێدانی چه‌ك و زانیاریی هه‌واڵگریی ، هه‌روه‌ك به‌رنامه‌ی راهێنان و مه‌شقپێكردنی هێزه‌كانی عیراق بۆ چۆنێتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزه توندڕه‌وه‌كان كاری پێكراوه"، وتیشی: هه‌موان هه‌ست به‌مه‌ترسییه‌كانی پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی ئیسلامی ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن داعش و رێكخراوی قاعیده له‌سه‌ر سنوری نێوان عیراق و سوریا و له‌وێوه به‌ره‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه چالاكییه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش كه تا ئێستا رێگر بووه له‌به‌رامبه‌ر پێكهێنانی ئه‌و ئیداره ئیسلامیه، مه‌سه‌له‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌كدارانه‌ی گروپه‌كانه، به‌ڵام مه‌ترسی ئه‌و گروپانه له‌سه‌ر عیراق هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه.
خه‌ندان
