ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی: مالیكی هۆكاری هەڵگیرسانی كێشەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان

 ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی: مالیكی هۆكاری هەڵگیرسانی كێشەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان
ئەندامێكی كوتلەی‌ ئەحراری سەر بە رەوتی‌ سەدر رایگەیاند كە، چانسی‌ مالیكی‌ بۆ گرتنەدەستی‌ ویلایەتی‌ سێیەم زۆر لاوازە، لەبەر ئەوەی‌ زۆربەی‌ كوتلە سیاسییەكان رەتیان كردووەتەوە و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییش لە عێراق دەڵێت سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، نووری مالیكی، هۆكاری هەڵگیرسانی كێشەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

ئەندامی كوتلەی ئەحرار، ئەمیر كەنانی‌، رایگەیاند مالیكی‌ ناتوانێـت بۆ جاری‌ سێیەم ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران، لەبەر ئەوەی‌ چانسێكی‌ زۆر لاوازی‌ هەیە، چونكە ئەو كوتلانەی‌ دەیانەوێت بمێنێتەوە، كەمترن لەوانەی‌ نایانەوێت مالیكی‌ خولی‌ سێیەم وەربگرێتەوە. ئاماژەیشی‌ دا كە، تەنیا ئیرادەی‌ گەلی‌ عێراقە لە كۆتاییدا بڕیار دەدات كێ دەبێتەوە بە سەرۆكوەزیرانی‌ عێراق.

كەنانی روونیشی كردەوە كە، ئیرادەی‌ گەلی‌ عێراقیش لە رێگەی‌ سندووقەكانی‌ دەنگدانەوە دەبێت و كاندیدەكان هەڵدەبژێردرێنو دواتریش لەگەڵ هاوپەیمانەتییەكانەوە حكوومەتی‌ تازە پێك دەهێنرێت و سەرۆكوەزیران دیاری دەكرێت.

لە لایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ئاشكرای كرد كە، ئەنجوومەنەكەیان گەیشتووەتە باوەڕی تەواو و نایەوێت چیتر پشتیوانی لە سیاسەتەكانی نووری مالیكی بكات و بۆ جاری سێیەمیش بیكاتەوە سەرۆكوەزیران.

سەرچاوەكە گوتیشی كە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی چەندین كۆبوونەوەی بۆ تاوتوێكردنی سەرجەم پرۆسەی سیاسی كردووە، هەر لە گرژی و قەیران و كێشە یەك لە دوای یەكەكان، بە تایبەت ئەو سیاسەتانەی لە سێ ساڵی رابردوودا نووری مالیكیی سەرۆكوەزیران پەیڕەوی كردووە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە سەركردایەتیی سیاسیی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە لەگەڵ ئیئتلافی دەوڵەتی قانوون هیچ رێككەوتنێك نەكەن و پشتیوانییش لە كاندیدكردنەوەی نووری مالیكی نەكات بۆ ولایەتی سێیەمی حوكمڕانی.

هاوكات سەركردایەتیی سیاسیی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی پێی وایە كە نووری مالیكی هۆكاری هەڵگیرسانی كێشەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا هەرێم هاوبەشی ئەم نیشتیمانەن، ئەمە جگە لە هەوڵەكانی مالیكی بۆ پەرتەوازەكردنی پێكهاتەكانی نێو ماڵی شیعە و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق.
Top