پرۆژەیاسای‌ بودجەی‌ عێراق خرایە بەرنامەی‌ كاری‌ پەرلەمانەوە

 پرۆژەیاسای‌ بودجەی‌ عێراق خرایە بەرنامەی‌ كاری‌ پەرلەمانەوە
سەرۆكی‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق، ئوسامە نوجەیفی، رۆژی‌ یەكشەممەی‌ دیاری‌ كرد بۆ دانیشتنی‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەران‌ و تێیدا پرۆژەیاسای بودجە خراوەتە كارنامەی‌ دانیشتنەوە.

بڕیاردەری‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەران، محەمەد خالیدی، رایگەیاند كە، رۆژی‌ یەكشەممەی‌ داهاتوو دانیشتنی‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەران بەڕێوە دەچێت و تێیدا خوێندنەوەی‌ یەكەمی‌ بودجە لەخۆ دەگرێت.

ئاماژەی‌ بەوەش دا، كە دوابەدوای‌ ئەو دانیشتنە، رۆژی‌ دووشەممە و رۆژی‌ سێشەممە و چوارشەممەی‌ هەفتەی‌ داهاتوو دانیشتنی‌ پەرلەمان بەڕێوە دەچێت، گوتیشی: دانیشتنی‌ رۆژی‌ سێشەممە خوێندنەوەی‌ دووەمی‌ پرۆژەیاسای بودجەی‌ گشتیی‌ عێراق بۆ ساڵی‌ 2014 لەخۆ دەگرێت.

سەبارەت بە تەواوبوونی‌ نیسابی‌ یاسایی دانیشتنەكە، بڕیاردەری‌ ئەنجوومەنی ‌نوێنەران رایگەیاند، ئەستەمە نیساب تەواو بێت، چونكە تاوەكو ئێستا هەر یەك لە فڕاكسیۆنەكانی هاوپەیمانیی كوردستانی و موتەحیدوون، لە بایكۆتكردن بەردەوامن.
Top