شەهرستانی: لە بارەی نەوتەوە لەگەڵ کوردستان رێککەوتین
حوسێن شەهرستانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ رایگەیاند:"حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتەوە رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنی نەوت بە رێگەی کۆمپانیای بە بازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)".
شەهرستانی گوتیشی "پێم سەیرە چۆن پەرلەمان پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی رەتدەکاتەوە لە کاتێکدا پێویستە لەسەر پەرلەمانتاران کە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون لە خەمی پەسەندکردنی بودجە بن".
جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە راشیگەیاند کە "پەرلەمانتاران مافی خۆیانە پرۆژە یاسای بودجە هەمواربکەنەوەو هەندێ لە بڕگەکانی هەڵبووەشێننەوە یان بڕگەی دیکەی بۆ زیاد بکەن، بەڵام رەتکردنەوەی بودجە دەوڵەت پەکدەخات".
ئەمە یەکەم جار نییە حوسێن شەهرستانی لێدوانی هاوشێوە دەدات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوونی رێککەوتنی لەوشێوە لەبارەی نەوتەوە لەگەڵ بەغدا رەتدەکاتەوە.
رووداو
