عەمار حەكیم هۆشداری دەداتە مالیکی

 عەمار حەكیم هۆشداری دەداتە مالیکی
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق هۆشداریدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە خەرجكردنی بودجەی فیدراڵی 2014 بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، داواشی لە هەموو لایەنەكان كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پشت بە دەستوور ببەستن.

عەمار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق لە وتارێكیدا لە ئاهەنگێكی ئایینی لە بەغدا، هۆشداریدا و ترایگەیاند، نابێ بودجەی گشتی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان خەرجبکرێت.

حەكیم جەختیشی لەسەر داوای مەرجەعی ئایینی كردەوە، بە وەرگرتنی كارتی دەنگدان و بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان.

لە تەوەرێكی دیكەی وتارەكەیدا، حەكیم گوتی: "پێویستە دۆسیەی ئەمنی بەدوور بگیرێت لە كاریگەریەكانی پرۆسەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن"، دووپاتیشیكردەوە، كە "داعش بوونی نابێت ئەگەر عێراقیەكان یەكڕیزبن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".

حەکیم لە وتارەکەیدا، پاڵپشتی خۆی بۆ سوپا و پۆلیس دووپاتكردەوە و داوایكرد "توێژینەوە لە خاڵە بەهێز و لاوازەكانی دەزگا ئەمنییەكاندا بكرێت".

نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتاری هەفتانەیدا رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بەبێ گوێدان بە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014ـی عێراق، بودجە خەرج بكات.











رووداو
Top