لێدوانی‌ وه‌زیری دارایی عیراق له‌باره‌ی‌ خه‌رجكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمه‌وه‌

لێدوانی‌ وه‌زیری دارایی عیراق له‌باره‌ی‌ خه‌رجكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمه‌وه‌
وه‌زیری دارایی عیراق به‌ وه‌كاله‌ت، رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ مالیكی فه‌رمانیكردووه‌ به‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم خه‌رج بكات، ئاشكراشیده‌كات، له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا، هاتووه‌، كه‌ ته‌نها مووچه‌ی‌ مانگی‌ شوبات خه‌رج بكات.

كه‌ناڵی‌ ئه‌لعیراقییه‌ی‌ نیمچه‌ فه‌رمی‌، له‌ هه‌واڵێكی‌ به‌په‌له‌ی‌ ئه‌مشه‌ویدا، بڵاویكرده‌وه‌:" سه‌فائه‌دین سافی‌، وه‌زیری دارایی عیراق به‌وه‌كاله‌ت، وتوویه‌تی‌، نوری‌ مالیكی، سه‌رۆكی‌ وه‌زیران بڕیاریدا پاره‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمخه‌رج بكه‌ین".

وه‌زیری دارایی به‌ وه‌كاله‌ت، له‌ لێدوانه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرا كردووه‌، كه‌ مالیكی، فه‌رمانیكردووه‌ ته‌نها مووچه‌ی‌ مانگی‌ شوباتی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم خه‌رج بكرێت.

ئه‌م بڕیاره‌، دوای‌ دیدارێكی‌ عادل موراد، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانی‌ كوردستان‌و نوری‌ مالیكی، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق هات، كه‌ له‌و دیداره‌دا، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بدرێت.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ خه‌ندان نێردراوه‌، ئه‌مڕۆ 5ی‌ ئازاری‌ 2014 نوری‌ مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌ نووسینگه‌ی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ به‌غدا پێشوازی‌ له‌ عادل موراد سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كردووه‌ و تاووتوێی‌ بارودۆخی‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستان و په‌ره‌پێدانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان حزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ ئیسلامی‌ و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانیان كردووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ عادل موراد تیشكی‌ خسته‌سه‌ر كاریگه‌رییه‌ ئابوورییه‌كانی‌ دواكه‌وتنی‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بارودۆخی‌ گوزه‌رانی‌ هاوڵاتیان به‌تایبه‌ت مامۆستایان و كرێكاران و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ داهاتیان دیاریكراوه‌.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق تێگه‌یشتنی‌ خۆی‌ له‌و بارودۆخه‌ ده‌ربڕیوه‌ و داوای‌ له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌ كۆتایی به‌و ته‌نگژه‌یه‌ بهێنن و په‌له‌ بكه‌ن له‌ ناردنی‌ موسته‌حه‌قاتی‌ دارایی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش بكرێت.











خه‌ندان
Top