نووسینگەی شەهرستانی: بەرامبەر هەولێر نەرمی دەنوێنین
ئەمڕۆ شەممە حوسێن شەهرستانی لە پارێزگای بەسرە وتارێكی پێشكەشكردو باسی لە سیاسەتی نەوتی عێراق بەگشتی و پارێزگاكان بەتایبەتی كرد، لە میدیا عێراقییەكان وا بڵاوكراوەتەوە كە شەهرستانی هێرشی كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان.
فەیسەڵ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ لەو وتارەیدا كە لە بەسرە پێشكەشیكرد شەهرستانی هیوای خواستووە هەرێمی كوردستانیش چاو لە بەسرە بكات بۆ زیادكردنی بەرهەمی نەوتی".
ئەو رەتیكردەوە كە شەهرستانی هێرشی كردبێتە سەر سیاسەتی وزەی هەرێمی كوردستان و گوتی "تەنها داواكاریی هەبووە".
سەبارەت بە دوایین ئەنجامی كۆبوونەوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی وزە، بەڕێوەبەرەكەی نووسینگەی شەهرستانی گوتی "خاڵەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لەبەردەستمانن و دیراسەیان دەكەین، ئومێدیشمان وایە بگەینە رێككەوتنو نەرمیشمان بۆ ئەو مەبەستە نواندووە". بەڵام ئاماژەی بەوە نەكرد كەی وەڵامی هەولێر دەدەنەوە.
رووداو
