لێدوانی بەغدا لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستان

 لێدوانی بەغدا لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستان
بە بڕیاری بەغدا شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە 22-2-2014 گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی جێرمانیا و هۆرمۆز راگیران، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێ "بیستوومانە بڕیاری مالیكییە"، بەڵام وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی عێراق دەڵێ "پەیوەندی بە كێشەكانی هەولێر و بەغداوە نییەو ئەو كۆمپانیانە سەرپێچییان هەیە".

تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە 22-2-2014 هێڵی ئاسمانی جێرمانیا و هۆرمۆز، كە بەرەو سوێد و ئەڵمانیا دەڕۆن حكومەتی بەغدا رێگەیان پێنادات بگەڕێتەوە و تاوەكو ئێستا ئەو هێڵە راگیراوە.

تەلار فایەق بێئاگایی خۆی دەربڕی لەوەی كە ئەو بڕیارە لەلایەن كێوە دەركراوە و گوتی:"نازانین كێ بڕیاری داوە ئەو هێڵانە رابگیرێن و بەغداش هیچكات پێمان ناڵێت كە ئەو بڕیارانە كێ دەریدەكات، بەڵام ئەو هێڵانە كە داوای P.T.R -یان كردووە بۆ گەڕانەوە، بەغدا ئەوەی پێنەداون".

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەوەشی گوت: "وەك بیستن و قسە و باس دەڵێن گوایە لەسەر بڕیاری مالیكی بووە، بەڵام وەك نو‌وسراو هیچمان پێنەگەیشتووە كە دڵنیا بین".

رووداو پەیوەندیكرد بە هادی عامری، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی عێراق بۆ زانینی هۆكاری ئەو بڕیارە، ئەویش تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "ئێمە رێنمایی تایبەتمان هەیە و ئەوان پابەندنەبوون بەو رێنماییانە، هەر هێڵێكیش پابەند نەبێ ئێمە رایدەگرین".

دەربارەی رێنماییەكانی بەغدا بۆ ئەو هێڵانە گوتی "ئەوان خۆیان دەزانن رێنماییەكان چین".

عامری لە لێدوانەكەیدا بۆ رووداو رەتیكردەوە ئەو بڕیارە پەیوەندیی بە كێشەكانی هەولێر و بەغداوە هەبێت و گوتی "ئەم كۆمپانیانە واژۆیان لەسەر رێنماییەكانی ئێمە كردووە و هیچ پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، هەموو شتێكیش مەبەستنەوە بە هەرێمی كوردسانەوە".

وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، كە تەنیا كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا كێشەی نەوتەو راشیگەیاند "لە دانیشتن و گفتوگۆداین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش"









رووداو
Top